دراوی دیجیتاڵی چیە؟

بلۆکچەین، ئەو تەکنەلۆجیایەی کە بە تەواوی ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت کریپتۆکەرێنیش سیستمی دراوی داهاتووی جیهانیە! پرۆسەی تۆکەنایزەیشنیش تاپۆی دیجیتالی داهاتووی جیهانیە! ` فەرموون بۆ خوێندنەوەی زنجیرەی سێیەم و کۆتایی لە لایەن "تێبین بورهانەوە" ` پێشەکی، لە زنجیرەی یەکەمدا، بە گشتی ئاماژەمان بە مێژووی ئابووریدا، وە بە تایبەتیش مێژووی دراو لە کۆمەڵگا و ئیمپڕاتۆریەکاندا. هەروەها باسمان لە حەوت قۆناغی بازنەی ژیانی دراوەکان کرد کە چۆن بەهۆی چآوچنۆکی دەسەلاتدارانەوە کە پەنا دەبەنە بەر دروست کردنی دراوی زیاتر ( Debase Currency)، دواتر ئەم کارە دەبێتە هۆی لاواز بوون و رووخانی دراو و ئیمپراتۆریەتەکە. لە زنجیرەی دووەمدا، باسمان لە باروودۆخی ئابووری ئێستا جیهان ( ویلایەتە یەکگرتووەکان وەکو نموونە و بەهێزترین ئابووری جیهان) و دراوی دۆلاری ئەمریکی کرد کە دراوی سەرەکیە ( Reserve Currency) لە جیهاندا کە بۆچی لە قۆناغی حەوتەمی دراودایە و پێشبینیەکی بەهێز دەکرێت کە دراوی دۆلاری ئەمریکی و سیستمی ئابووری جیهان دوچاری دارووخان ببنەوە. بەڵام روونیشمان کردەوە کە مەبەست لە داروخان لە ناو چونی خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیە بەڵکو سیستمە ئابووریەکە.هەروەها باسمان کرد کە یەکێک لە هەرە هۆکارە سەرەکیەکان بریتیە لە قەرزارکردنی حکومەتەکان لە کاتی چاپ کردنی هەر دراوێکی نوێی کاغەزدا و بەردەوام لە کاتی چاپ کردنی دراودا ڕێژەی قەرز زیاتر دەبێت لە بڕە دراوە چاپ کراوەکە. بە شیوەیەکی گشتی چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەم دارووخانە ئابووریە، بەڵام گرنگترین هۆکاریان دراوی کاغەزە، هەر بۆیە لەم زنجیرە بابەتەدا زیاتر باسمان لە هۆکاری دراوە کاغەزەکان کرد بۆ دارووخانی ئابووری جیهانی لە داهاتوودا، گەر نا چەند هۆکارێکی دیکەش هەن وەکو کەڵەکەبوونی قەرزی جیهانی و شەڕی بازرگانی نیوان وڵاتان. ئەم دوو زنجیرەیە پێشەکیەک بوو بۆ تێگەیشتن لە ئابووری جیهان و بەتایبەت دراو لە سەردەمی کۆن و ئێستادا،هەروەها بۆ تێگەیشتن لەو سیستم و شێوازەی کە پێشبینی دەکریت لە داهاتوودا بێتە کایەوە. پێشنیار دەکەم گەر زنجیرەی یەکەم و دووەمت نەخوێندۆتەوە، ئەوا پێش خوێندنەوەی ئەم بابەتە, زنجیرەی یەکەم و دووەم بخوێنەرەوە و شەیری بکە لەگەڵ کەسە نزیک و خۆشەویستەکانت بۆ ئەوەی ئاگادار بن کە جی دەگوزەرێت لە جیهاندا. ، 🛑🛑🛑🛑 تکایە بەرێزان، داواکارم کە کەس ناوی ھیچ جۆرە کۆمپانیایەکی کریپتۆکەرێنسی نەنوسێت لەگەل ئەم بابەتەدا. چونکە ئەم پۆستە بۆ فێرکردنە نەک بۆ ریکلام کردن... وە ھەر بەرێزێکیش ئەم پۆستە بەکاربھێنێت بۆ ریکلام کردن بۆ ھەر کۆمپانیایەکی بواری کریپتۆکەرێنسی ئەوا داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەم چونکە دووبارە ئەم پۆستە بۆ ریکلام و ھاندان و مارکێتینگ نیە تەنھا بۆ فێرکردن و پەروەردە کردنی داراییە... لەگەل رێزم بۆ ھەموو لایەک.. ` بلۆک چەین (Blockchain) ، ئەو تەکنەلۆجیایەی کە بە تەواوی ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت.... بلۆک چەین بریتیە لە تەکنەلۆجیایەکی نوێ کە شارەزایان بە نەوەی – جیلی- دووەمی ئینتەرنێت ناوی دەبەن. پێشبینی دەکرێت، کە دروست بوونی ئینتەرنێت چەند ژیانی مرۆڤایەتی گۆری، ئەوا تەکنەلۆجیای بلۆک چەینیش هێندە ژیان لەسەر گۆی زەوی بگۆڕێت. مێژووی دروست بوونی ئەم تەکنەلۆجیایە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتای ساڵی 2008 و سەرەتای ساڵی 2009، واتە راستەوخۆ لە دوای قەیرانی "پاشەکشە مەزنەکە" ( Great Recession) ی سالی 2008 کاتێک کەسێکی نادیار بە ناوی ساتۆشی ناکاماتۆ کە دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین دروست دەکات ئەم تەکنەلۆجیایەی بەکارهێناوە بۆ دروست کردنی دراوە ئەلیکترۆنیەکە. بە کورتی بڵۆک چەین چیە؟ بلۆک چەین وەکو دەفتەرێکی حسابات وایە کە هەر لاپەرەو حساباتێکی تیایە و سەرجەمی حساباتەکانیش پێکەوە بەستراونەتەوە. وە هەر حساباتێکیش شتێک دروست دەکات کە پێی دەوترێت هاش (Hash). هەر بلۆکێکیش (Block)لە دوای ئەوەی کە دڵنیا دەبێتەوە لە زانیاریەکانی بلۆکەکەی دیکە کە ڕاستە ئەوا قبولی دەکات و بەم شێوەیە زنجیرە بلۆکێک دروست دەبێت کە پێی دەوترێت بلۆک چەین. لەبەر ماوەی بابەتەکە، هەر بەڕێزێک خوازیارە دەتوانیت سود لە سایتی ئینڤێستۆ پیدیا (1)وەربگریت بۆ شارەزابوون لەم تەکنەلۆجیایە. هەروەها مایە شانازیە کە لە 20-4-2017 دا، یەکەمین بابەتێک لە بارەی بلۆکچەین و پێکهاتەکانی کە نوسرابێت بە زمانی کوردی بەندە نوسیوویەتی و لەو ڕێگەیەوە ئەتوانم بڵیم زیاتر لە چەند هەزار کەسێک شارەزایەکی سەرەتاییان لەبارەی بلۆک چەین و پێکهاتەکانی و کریپتۆکەرێنسیەوە پەیدا کردوە. هەروەکو خزمەت گوزاری ئینتەرنێتی ئاسایی کە هەموومان بەکاری دەهێنین و سود لە بەرنامەکان ( Applications) دەبینین بۆ نموونە فەیس بووک و یوتوب دوو بەرنامەن کە سودی لێ دەبینین کە هەزاران بەرنامەی دیکەش هەیە. بە هەمان شێوە تەکنەلۆجیایی بلۆکچەین لە ئیستادا زیاتر لە ١٠٠ بەرنامە ( Applications) هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژیش لە زیاد بووندایە. بۆ نموونە ئەمانە چەند نموونەیەکن لە بەرنامەکانی بلۆکچەین:- دروست کردنی دراو – کریپتۆکەرێنسی- Cryptocurrency- ، دروست کردنی دیجیتال ئەسێت، سێکتەری وزە، سێکتەری تەندروستی، سێکتەری حکومەت بە هەموو فرمان و وەزارەتەکانیەوە، دەنگدانی ئەلیکترۆنی – هەڵبژاردن، سێکتەری ناسنامەی ئەلیکترۆنی.... هتد لێرەدا باس لە یەکێک لە هەرە گرنگترین و لەپێش ترین بەرنامەکان – ئەپلیکەیشنەکانی بلۆکچەین دەکەین کە پەیوەیستە بە ناوەڕۆکی بابەتەکەمانەوە کە ئەویش دراوە ئەلیکترۆنیەکانە – کریپتۆکەرێنسیە Cryptocurrency- ( دراوی ئەلیکترۆنی واتەی سەدا سەدی کریتۆکەرێنسی نیە لە رووی فەرهەنگیەوە، بەڵام بەکاری دەهێنم لەبەر زۆر دووبارەبوونەوەی وشەکە). لە دوای بەکارهێنانی ئاڵتوون و زیو، پارەی کاغەز، پارەی پلاستیکیەکانی وەک ماستەر کارت و هاوشێوەکانی، کریپتۆکەرێنسی بە نەوەی چوارەمی دراو دادەنرێت کە لەسەر بناغەی تەکنەلۆجیای بلۆک چەین دروست دەبێت. مێژووی کریپتۆکەرێنسی هاوکاتە لەگەڵ مێژووی بلۆک چەیندا چونکە بۆ یەکەمین جار تەکنەلۆجیای بلۆک چەین لە کریپتۆکەرێنسیدا بەکارهێنرا و داهێنرا کە ئەویش دراوی ئەلیکترۆنی بیت کۆین بوو لە کۆتای ساڵی 2008 و سەرەتای 2009 دا. هەر وەک ئاماژەمان پێدا لە لایەن کەسێکی نادیاری بە ناوی ساتۆشی ناکاماتۆ دۆزرایەوە. ئامانجی دروست کردنی بیت کۆین بریتی بوو لە گواستنەوەی پارە بەبێ نێوەندگیرێکی وەک بانک، واتە نە‌هێشتنی لایەنی سێیەم لە مامەلەکاندا و راستەوخۆ گواستنەوە لە لایەنی یەکەمەوە بۆ دووەم. لێرەدا چەند سودێکی سەرەکی بەکارهێنانی کریپتۆکەرێنسیتان بۆ دەخەمە ڕوو:- 1- کات، بە بەکارهێنانی کریپتۆکەرێنسی لە ماوەیەکی زۆر زۆر کەمدا لە چاو شێوازە تەقلیدیەکانی ئیستادا دەتوانیت پارە بگوازیتەوە لە دوورترین دوو خالی شوێنی جیهان. 2- تێچووی گواستنەوە، لە کریپتۆکەرێنسیدا، تێچوویی گواستنەوە ( عمولە – Fee) بەراورد بە شیوازی تەقلیدی و ئاسایی زۆر زۆر کەمە. 3- نەگواستنەوەی نەخۆشی، بەکارنەهێنانی دراوی کاغەز مایەیی گواستنەوەی نەخۆشی و ڤایرۆس و بەکتریایە. 4- پارێزراوی سەرمایە لە رووی بەرجەستەییەوە – فیزیکیەوە، خەمی ئەوەت نیە پارەکەت تەر بێت یاخود مشک بیخوات! 5- نەبوونی بڕ و جوڵاو – Mobility، واتە تۆ هەمیشە پارەکەت پێیە و لەناو مۆبایلەکەتدایە و گرنگ نیە هەرچەندێک بێت! دەتوانیت یەک ملیۆن دۆلار لەناو مۆبایلەکەتدا هەلبگریت و بچیتە بازار بەلام ناتوانیت ملیۆنێک دۆلار بە کاغەز هەبگریت و بجیت بازارێکی ئاسایی بکەیت! 6- گرنگترین خاڵ، هەڵئاوسان سفرە! دراوی ئەلیکترۆنی دەرفەت دەدات کە ڕێژەی هەڵئاوسان سفر بێت (واتە هۆکارەی کە بەدرێژایی مێژوو فێڵ لە خەلکی کراوە، کریپتۆکەرێنسی دەتوانێت ئەم کێشە گەورەیە چارەسەر بکات لە ڕێگەی کۆی خستنە ڕوو ( Max Supply). 7- هاک ناکرێت! کریپتۆکەرێنسی دەرفەت دەدات بە بەکارهێنەرانی کە ڕێژەی هاک کردنی سفر بێت ( جۆری تایبەت).